عەدالەت ڕەزا گەرمیانی: ئێمە نابێ دەستبەرداری كەلتوورو هونەر بین، لەبەر ئەوەی شوناسنامەیە
سەعات(3:30)ی خولەكی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری(2017/2/23)، بە ئامادەبوونی بەڕێزان(د.سالار عوسمان)بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و(كێن گرۆس)كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و(د. فواد مولوود شەریف) سەرۆكی زانكۆی جیهان هەولێرو، ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستیانی زانكۆ و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، لە كەشێكی هونەری دا لە زانكۆی جیهان، پێشانگای تایبەتی هونەرمەندی شێوەكار(عەدالەت ڕەزا گەرمیانی)بۆ (پەیكەر و تابلۆ و سڵاید شۆ)، لە(گەلەری هونەری جیهان)كرایەوە، كە پێشانگاكە بۆ ماوەی(10)ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لەمبارەیەوە شێوەكار(عەدالەت ڕەزا گەرمیانی)سەبارەت بەناوی پێشانگاكە گوتی: پێشانگاكەم هیچ ناوێكم لێنەناوە، بە سروشت من ناو نە بۆ تابلۆ ناو بۆ هیچ كارێكی هونەری دانانێم، ئەوەیش لەبەر ئەوەی قەناعەتم ئەوەیە میوانەكان دەبێ سەربەست بن لەوەی كە خۆیان چ خوێندنەوەیەك بۆ كارەكان دەكەن.
دەربارەی ستایل و زەمەنی كاركردن و ئامانجەكانی گوتی: كارەكان لەنێوان كاری هاوچەرخ و مۆدێرن دان، ئەزموونن لە سەرەتای نەوەدەكان تا سەرەتای دوو هەزارەكان، ئەم كارانە هەندێكیان لە كوردستان ئەنجام دراوە، ئەوانیتریش لەوڵاتی بەریتانیا ئەنجام دراوە،
گوتیشی: ئامانجم ئەوەبوو، حەزم كرد ئەو كارانە یان ئەو ئەزموونانە ئاشنابن بە خەڵكی كوردستان و، لە هەولێری پایتەخت پێمان خۆش بوو ڕۆشنبیران بێن ئەو كارانە ببینن و، هەڵبژاردنی گەلەری هونەری جیهان بە حوكمی ئەوەی جێگایەكی تازەیە لە هەولێر، بە نسبەت ئێمەوە كە شوێنێكە ئەتەكێتی جێگاكە گەلەریە، خۆشبەختانە لەگەڵ ئەم جۆرە كارانەی من دەگونجێت، ئیتر دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی، كۆمەڵێك خەڵكی نوخبە بێن گفتوگۆیەك بكەین لەسەر ئەم ئەزموونانە.
پتر گوتی: نزیكەی(7)تابلۆ و(13)پەیكەرم لە كارەكانم هەڵبژاردووە بۆ نیشاندان لە كۆی كارەكانم، كە پەیكەركان كاری بەردین، ئەم كارانە كاری ڕیالیزمی نیە، زیاتر كاری هاوچەرخە، زۆرێك لە بەردەكان لە (چیای سەفین شەقلاوە) كاتی خۆی كۆم كردۆتەوە لە ناوەڕاستی نەوەدەكان لە گەرمەی شەڕی برا كوژی دا، خەڵك یەكتری دەكوشت منیش بۆ خۆم بەردم كۆدەكردەوەو ئیشی هونەریم پێ دەكرد، هەندێك لە بەردەكانیش لە باكووری بەریتانیا كۆم كردوونەتەوە و ئیشم تیا كردووە، ئەم كارانە لە بەریتانیا و هەندێك وڵاتی تر نمایش كراوە، بە باشیشم زانی هێنامەوە لە كوردستانیش نمایش بكرێت، بۆ ئەوەی خزمەتێك بگەینێت،
لە كۆتایدا گوتی: هەرچەندە پسپۆری خۆم بەس هونەر نیە، من شارەزام لە بواری پەیوەندی نێودەوڵەتی كەلتووری نێوان گەلان دا، ساڵانە چەندین پڕۆژە ئەنجام دەدەین، بە تایبەتی لەگەڵ هاتنی داعشدا، جێی خۆش بەختیشە تۆ بیر لەوە بكەیتەوە، سەرباری ئەوەی كوردستان ڕووبەرووی زۆر قەیران بۆتەوە چ قەیرانی سیاسی و چ قەیرانی ئابووری، ئەمەش كاری كردۆتە سەر كۆی كایەكانی ژیان، گرینگە لێرەدا ئەو ئاماژەیە پێ بكەی هونەر هەر بەردەوامە، ئێمە نابێ دەست بەرداری كەلتوورو هونەر بین، لەبەر ئەوەی شوناسنامەیە، خزمەت بە ڕەوشەكەمان دەكات، هەروەها ئیرادەی خۆت پیشانی دونیاو جەماوەر دەدەیت.
دەربارەی ئەوەی (تاچەند ناوەڕۆكی كارەكانی پێشانگاكە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی كوردستان دەگونجێ)، (عەدالەت ڕەزا گەرمیانی)گوتی: بەدڵنیایەوە دەگونجێ لەبەر ئەوەی هەر كارێك هەڵگری كۆمەڵێك ڕەهەندە و، بكەری ئەو كارانەش منم، كە خۆم زادەی ئەو نیشتمانەم، تەمەنێك لەناو ساردی و گەرمی و ئێش و ئازاری ئەم میللەتەدا غەریبیمان بینیوە، حەتمەن ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیانی من و دیدی من و خەیاڵاتی من كۆبوونەتەوە لەم كارانەدا.
لە دوا پەیامی دا گوتی: لەوە ئاگادارین كە قەیرانی زۆر هەیە، بەڵام هونەر پەیامێكی زۆر گەورە دەگەینێ، هونەر دەتوانی ببێتە شوناسنامەیەك بۆ نەتەوەو، دەتوانێ گەڵان لێك نزیك بكاتەوە، جێگەی داخە بە پێی شارەزایی من لێرە دەبینم ئەو بایەخە نادرێت بە هونەر، لە پایتەختێكدا كۆی بكەرەوە هەر هەمووی ئەگەر دوو گەلەری تیابێت، موزەخانەیەكمان نیە، كەلتووری هونەری كوالیتی باشمان نیە، لەبەر ئەوە ئەمە پایتەختە هەزاران كەس ڕووی تێدەكات، گەشتیار ئەو شتانەی حەزدەكا بیبینێ، كەلتوورو فەرهەنگی ئێمەیە و، كەلتوورو فەرهەنگیش تەنها بەس جلی كوردی و هەڵپەركێی كوردی نیە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە،
پتر گوتی: دەكرێ سەرباری قەیرانەكانیش بتوانین بیر لەوە بكەینەوە كە حزورمان هەبێت، ئەمرۆ كە كومەڵە كەسی بیانی هاتنە پێشانگاكەم، كە ئەم جۆرە جولانەوەیە دەبینن تەقدیرێكە دەڵین ئەو میللەتە سەرباری ئەو هەموو قەیرانە، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیان لە كارو چالاكی خۆیان بەردەوامن،
لە كۆتایدا گوتی: بەرگریكردن بەس تەنها تەقەكردن نیە، قەلەمیش ئەمرۆ پەیامی زۆر گەورە دەگەینێ، ئەوەی كە بە هونەرو كەلتوور دەكرێ بە سیاسەت و ئابووری ناكرێ لە باشووری كوردستاندا، چونكە تۆ بەشێكی لە عێراق لەبەر ئەوەی گرینگە ئێمە بایەخ بەوانە بدەین، بۆیە تەمەنا دەكەم، ئەوانەی كە خاوەن بڕیارن لە كوردستان، زۆر بە گرینگی ئاور لە هونەرو كەلتوورەكەمان بدەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بناسێنێ بە دونیادا، ئێمە ئێستا تەنها وەكو جەنگاوەرێكی ئازا ناسراوین، ئەگەرنا كەس نازانێ زمانمان مێژوومان فەرهەنگمان چی یە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: (عەدالەت ڕەزا گەرمیانی) هونەرمەندو ڕێكخەری تایبەتمەندی شارەزا، لە دروستكردنی پەیوەندی ستراتیژی كەلتووری هاوچەرخ لە نێوان گەلان بەتایبەتی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بەرپرس و دامەزرێنەری ڕێكخراوی(ئارت ڕۆل)ە، لە بەریتانیا، كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیە بۆ گەشەپێدانی كەلتووری نێوان جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی عێراق، ئەم ڕێكخراوە نزیكەی(13)ساڵە بەرنامەی دروستكردنی پردی پەیوەندی كەلتووری جیهان لەگەڵ عێراق و كوردستان بەڕێوەدەبات.
جێگەی باسە: لە ساڵانی(1991 تا 1995)پەیمانگای هونەرەجوانەكانی لە موسل و سلێمانی تەواو كردووە، لە نێوان ساڵی(1995 تا 1999)لە كوردستان بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی بووە، مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بووە، ئەندامی دەستەی ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفال بووە.
لە ساڵانی(2000 تا 2004)بە كەلۆریۆسی بە پلەی دووەم لە هونەرو كەلتووری هاوچەرخ لە زانكۆی(لینكن)لە بەریتانیا بەدەست هێناوە، لە ساڵانی(2005 تا 2006) دیبۆمی باڵا لە میدیا لە كۆلێژی(هاڵ)لە بەریتانیا بەدەست هێناوە، لە ساڵی(2009)چوارەمین پاڵێوراو بووە بۆ خەڵاتی(فریدەم تو كرییەت پڕایز)بە بەشداری(110)وڵات لە سەرتاسەری جیهاندا،
بەو پێشانگایەوە تا ئێستا خاوەنی(5)پێشانگای تایبەتەو لەچەندین پێشانگای هاوبەشدا بەشداری كردووە لە سەرتاسەری جیهاندا، خاوەنی(15)كاری پیفۆرمانسە و(5)ئینستلەیشن و لەگەڵ (6)كاری دەنگ و میوزیك لە ئەوروپاو ئەمەریكاو كوردستان.
كە چەندین كەسایەتی و هونەرمەند و بیرمەندی جیهانی سەبارەت بە كارەكانی بابەتیان نووسیوە، جگە لەوە چەندین دیداری هونەری و كەلتووری لە لایەن چەند كەناڵێكی جیهانی لەگەڵ ئەنجامدراوە.