شەممە , ئه‌یلول 7 2024
enku

پێشانگای تایبەتی هونەرمەندی شێوەكار (سارا تەڵایی) لە (گەلەری هونەری جیهان) كرایەوە

سارا تەڵایی : هونەر پێناسەی یەك میللەت و یەك دەوڵەتە

سەعات (11) ی پپش نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە، رێكەوتی (9/5/2017)، بە ئامادەبوونی (د. فواد مەولوود شەریف) سەرۆكی زانكۆی جیهان لە هەولێر و، ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و دەزگا ڕاگەیاندنەكان، لە كەشێكی هونەری دا لە (گەلەریی هونەری جیهان)، پێشانگای تایبەتی هونەرمەندی شێوەكار (سارا تەڵایی) بەناونیشانی (پاشماوەكانی جوانی) كرایەوە، كە پێشانگاكە بۆ ماوەی (7) ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە سەعات (9) بەیانی تا (7) ی ئێوارە دەرگای پێشانگاكە واڵا دەبێت.

جێگەی باسە:- سەعات (5) ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە ئامێزی پێشانگاكە، ئێوارە كۆڕێكی شیعری پڕ لە میوزیك، بە شیعرەكانی مامۆستا (ئیسماعیل ئاودێر) دەستی پێكرد و، خاتوو (سارا تەڵایی) بە خوێندنەوە شیعرەكانی خۆی و دەف ژەنین بەشداری كرد، كە تێیدا میوزیك ژەنان (هونەر سەڵاح) بە گیتار و (ئاری محەمەد) بە پیانۆ ئێوارەكەیان جوانتر كرد.

لەمبارەیەوە خانمە شێوەكار (سارا تەڵایی) گوتی:- خۆشبەختانە لەسەر ئەركی زانكۆی جیهان لە هەولێر، ئەم پێشانگایەم كردەوە، بە هەوڵ و كۆششی زۆری ئەندازیار (برهان سابر) ئەم پێشانگایە هاتە بوون، كە زەحمەتێكی زۆری كێشا بۆ ئەوەی بكرێتەوە، لێرەوە دەست خۆشی لێ دەكەم و، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە هاوكاربوون بۆم لە ڕێكخستنی كارەكە.

گوتیشی:- نزیكەی (45) دانە تابلۆمان لەو پێشانگایە هەیە، بە قەبارەی جیاواز كە زۆر بەی كارەكان قەبارە گەورەن، لە چوار ڕێبازی تایبەت پێكهاتووە، كە دووانیان جیهانین وەك (ئابستراك) و (سۆریاڵی) و، كارم لەسەر ستایلی (وێنە كێشانی بەرجەستە) كردووە، لەگەڵ ڕێبازی (ئابستراكی سەحراوی)، كە خاوەنی ئەو ڕێبازە خۆمم، لە تاران بەناوی خۆمەوە تۆمارم كردووە.

پتر گوتی:- بەشێكی زۆر لە تابلۆكان كاری نوێ بوو كە پێشكەشمكردن، لە پێشانگاكە هەنگاوی یەكەم بەرجەستەكردنی ئەو ڕێبازیە كە بەناوی خۆم تۆمار كراوە لە تاران و، ناساندن و پێناسەكردنی بە وڵاتی خۆمان و بە دەرەوەی وڵات، لە دوای ئەوەش هەنگاوی دووەم پەیامێكم هەیە كە بتوانم، جوانیەكی تازەتر پێشكەش بە بینەران بكەم، بۆ ئەوەی لە ڕێبازی هونەردا زیاتر سەر دەربێنین، بۆ ئەوەی شێوەكاران بۆ لای ئەو ڕێبازە بێن، چونكە هونەر پێناسەی یەك میللەت و یەك دەوڵەتە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێ، هونەری شێوەكاری بگەینینە ئاستێكی ئاوا، پێناسەی وڵاتی خۆمان و كوردستانی پێ بكەین.

ئاماژەی بەوەشدا ناوەڕۆكی تابلۆیەكان پێشكەشكردنی جوانی ڕەنگە و، هاندانی مێشكی مرۆڤە بۆ ئەوەی بینەر بتوانێ زیاتر و زیاتر بیر بكاتەوە، خۆی ڕێبازی (ئەبستراكی سەحراوی) تێكەڵاوی تەسەئوفی ڕۆحی یە و، كاریگەری سایكۆلۆژی هەیە لەسەر بینەر، كە بینەر دەتوانێ بە بینینی تابلۆیەكان لە خەوی خەفلەت بێتە دەرێ، جیاواز لەوەش جوانییەكی سەحراوی هەیە لەناو تابلۆكان، كە كاریگەری ئەوتۆی هەیە لەسەر بینەر.

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی هۆی چیە لە چەند تابلۆیەكت لۆگۆی زەردەشتی ڕەنگی داوەتەوە (سارا تەڵایی) گوتی:- خۆم لە ئەسلدا لەسەر ئاینی زەردەشتی نیم، تا ئێستاش كەس بۆی دەرنەكەوتووە چ ئاینێكم، من بەر لە هەموو ئاینێك مرۆڤایەتیم قبولە و، ڕێزیشم بۆ هەموو ئاینەكان هەیە و، پێم وایە هەر ئاینێك، ئەگەر مرۆڤایەتی تێدا نەما پوچەڵ دەبێتەوە، خۆی هونەری من پەیامی ئەوە دەگەینێ ژیان لە ژێر دروشمی پێكەوە ژیان و یەكسانی و یەك دەنگی لە كۆی گشتیی وڵاتی خۆمان و جیهاندا.

ڕوونیشی كردەوە:- لە مێژووی وڵاتی ئێمەدا ئاینی زەردەشتمان هەبووە، سەردەمێك زەردەشت حاكم بووە، ئێستاش ئەو ئاینە لە هەندێك ناوچە هەیە، زایەڵەو ڕەنگ دانەوەی ئەو ئاینە كاریگەری هەبووە لەسەر من، كە بتوانم بە شێوازێك بیخوڵقێنم لە نێو تابلۆكانم دا و، لە هەمانكاتیشدا نەك بەس زەردەشت، زۆر شتی ترم ئاماژی پێكردووە لە ناو تابلۆكاندا و، تێیدا تابلۆیەك هەیە بەناوی (یەكێتی جیهانی) لە بیست پۆترێتی جیاواز لە نەتەوەكاندا پێكهاتووە، كە لە دوورەوە سەیری بكەی دەبێتەوە یەك دانە، كە مەبەستم یەك دەنگی و یەكڕەنگی و یەكسانیی دنیایە و، پێكەوە بوون و پێكەوەژیانە.

سەبارەت بە ئاستی هونەری شێوەكاری لە كوردستان (سارا تەڵایی) ڕایگەیاند:- ئەگەر سەیر بكەین مێژووی هونەری شێوەكاری ناگەڕێتەوە بۆ زۆر دوور، بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە مێژووی كۆن نیە، تا ئێستا زۆر باش ڕۆیشتووە، هونەرمەندێكی زۆرمان هەیە كە بەردەوام كار دەكەن، هیوادارم بەردەوام پێناسەی هونەری خۆیان بكەن، بۆ ئەوەی كە هونەری خۆیان نیشان بدەن و كەسانی تریش هانبدەن، بۆ ئەوەی بێنە سەر ئەو ڕێبازە، جۆرێك لە جۆرەكانی هونەری تر بخوڵقێنن، بۆ ئەوەی ببنە داهێنەر و كاری تازە پێشكەش بە وڵاتەكەیان بكەن.

لە دوا پەیامیدا گوتی:- داواكارم خەڵكی ئێمە چ ئەوانەی شارەزای هونەرن، چ ئەوانەی خەڵكی ئاسایین، هاودەنگ و پشتیوانی هونەرمەندان بن، كە بتوانن جوانتر و زیاتر بەرهەمی تازە پێشكەش بكەن، تابلۆی هونەرمەندان بكڕن، وەك چۆن پێشتر زۆر ڕەنگمان لە جل و بەرگە كوردیەكان بەكار هێناوە، تا ئەو ڕەنگانە دووبارە بچێتەوە ناو ماڵەكانمان، ڕەنگ ئارامیەكی تایبەت بەسەر ڕۆحی مرۆڤدا دێنێ، هێدی بوونەوەی ڕۆحی مرۆڤە كە دەتوانێ مرۆڤ زیاتر بیربكاتەوە، دوا دەكەم لەوانەی پارەیان هەیە بۆ كوێی دەبەن و بۆكێی كۆدەكەنەوە، ئەگەر بتوانن هاندەری تازە لاوێك بن كە پارەی نیە، بەڵام زانستەكەی هەیە، پشتیوانی بن تا سەركەوێ، كە دەبێتە هۆی پەروەردەكردنی كۆمەڵگایەكی جوان و پێشكەوتوو.

ئەوەی ماوەتەوە بڵێین:- هونەرمەند (سارا تەڵایی) ناسراوە بە (تروسكە سانی) لە دایك بووی شاری (مەهاباد)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، جگە لە پیشەی شێوەكاری ئەو خانمە شاعیر و ژەنیاری ئامێری (دەف)ە، هەروەها بڕوانامەی بە كالۆریۆسی هەیە وەك ئەندازیاری دار و كاغەز، جگە لەمە خاوەنی بڕوانامەی هونەری پلە چوارە، لە وەزارەتی ڕۆشنبیری تاران، ماوەی (14) ساڵە خەریكی هونەری شێوەكارییە، هاوكات مامۆستای هونەرە جوانەكانە و فێرگەی سەربەخۆی هەیە لە مەهاباد، جیاواز لەوەش (11) ساڵ لە شیماڵی ئێران فێرگەم هەبووە، هونەری شێوەكاری و مۆسیقام دەرس گوتیتەوە، تا ئێستا (38) پێشانگای هاوبەش و (20) پێشانگای تایبەتی هەیە، (14) دانەیان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە و، (6) دانەیان لەو ماوەیە لە باشووری كوردستان كردیتیەوە، سێ دانە لە هەولێر و یەكیان لە شەقلاوە و دوو دانەیان لە سلێمانی و ڕانیە بوونە.

Check Also

کۆنسێرتێکی  میوزیک و گۆرانی بۆ گروپی گیپسی جاز

ئێوارەیەکی میوزیک وگۆرانی  بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر ئامادەبوان ،بەبۆنەی پێشوازی کردن  لە ساڵی تاز خوێندن  …

وەڵامێک بنووسە