(سۆزدار حاجی): هونەرمەند دەبێت ستایلێكی تایبەت بەخۆی هەبێت
“كاری هونەری زیاتر گڕێدراوی مرۆڤە، چەند ئیش بكەیت ئەوەندە پێش دەكەویت”
ڕۆژانی (21 تا 28ی 11/ 2017) لە (گەلەریی هونەری جیهان)، یەكەم پێشانگای تایبەتی كچە شێوەكاری باكووری كوردستان (سۆزدار حاجی) بە ناونیشانی (ڕەنگ دەریای ژیانە) كرایەوە، كە پێشانگاكە بۆ ماوەی (8) ڕۆژ بەردەوام بوو، تێیدا (25) تابلۆ بە ئەندازەی جیاواز هاتە پیشاندان.
لەمبارەیەوە كچە شێوەكاری كوردی باكوور (سۆزدار حاجی) ڕایگەیاند: (ڕەنگ دەریای ژیانە) ناونیشانی یەكەم پێشانگای تایبەتی منە، كارەكانی من لەو پێشانگایە لە (25) تابلۆ پێك هاتووە، كە بە قەبارەی جیاواز كێشاومە، ئەو كاتەی من لە زانكۆ بووم هەندێك لە تابلۆكانم دروستكردووە، لە ساڵانی (2014 و 2015)، بەڵام بەشداری هیچ پێشانگایەكم پێنەكردبوون، جگە لە تابلۆیەكیان لە پێشانگای هاوبەش پێی بەشدار بووم، بەشێك لە تابلۆیەكانی تریش نوێن تایبەت بەو پێشانگایە دروستم كردوون.
گوتیشی: لێرەوە زۆر سوپاسی ئەو گەلەریە دەكەم كە ئەو دەرفەتەی پێدام، بەرهەمەكانی خۆم پێشكەش بكەم، ئەمەش بۆ ئەزموونی من گەڵیك باش بوو، هەر بۆیە زۆر سوپاسی مامۆستا (سارا تەلایی) دەكەم، كە لە ڕێگای ئەوەوە ئەو پێشانگایەم بۆ كراوە، لە سەرەتا پێشبینیم نە دەكرد، بە پێشانگایەك ئەوەندە پەیوەندیە دروست بكەم، ئەوەندە خەڵكە بێت كارەكانم ببینێت، كە زۆربەیان لە ناوەڕۆكی تابلۆكانمیان دەپرسی، ئەمەش بۆ من بووە سەركەوتنێكی گەڵێك مەزن.
ئاماژەی بەوەشدا و گوتی: هەرچەندە من پێشتر زیاتر لە (25) پێشانگای هاوبەش بەشداریم كرد بوو، لە هەر چوار پارچەی كوردستان و ئەوروپا، لەگەڵ هونەرمەندانی باكوور و باشووری كوردستان و ئەوروپا، بەڵام ئەو پێشانگا تایبەتە دەستپێكێكی نوێ و سەركەوتنێكی ترە لە كارە هونەریەكانم، كاری هونەری زیاتر گڕێدراوی مرۆڤە، چەند ئیش بكەیت ئەوەندە پێش دەكەویت، من زیاتر ئیشم كرد، چونكە حەزم زۆر بوو پێشكەوتم.
سەبارەت بە ستایلی كارەكانیشی گوتی: لەو پێشانگایەمدا كارم لەسەر ستائیلی جیاواز كردبوو، كەسانی ئەكادیمی و شارەزا كە دەهاتن بیرۆكەی و پێشنیاری جیاوازیان پێ دەدام، ئەمەش وای كرد بیر لەوە بكەمەوە كە ستایلێكی تایبەت هەڵبژێرم، لەناو ئەو كارانەم دا بۆ كارەكانی پێشانگای داهاتووم، لەناو تابلۆكانیشمدا چەند ستائیلێك هەیە وەك (ئەبستراك و ئەكادیمیك)، كە زۆربەی تابلۆكانیشم لەسەر ستائیلی (ئەكادیمیك) دروستم كردبوون، هونەرمەند دەبێت ستایلێكی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەو ستائیلە بەناوی ئەو بێتە باسكردن، ئەگەر كەسێك كارەكەی ببینێت بیناسێتەوە، منیش ئەو ستائیلەی تا ئێستا زۆر حەزی لێدەكەم و خۆم لەناو دەبینمەوە (ئەكادیمیك)ـە.
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی (چون بوو سۆزدار حاجی دونیای شێوەكاری هەڵبژاردووە؟) لە وەڵامدا گوتی: من ئەوەكاتەی لە تەمەنی (14) ساڵان بووم، لەسەر پێشناری بنەماڵەكەم بوو گوتیان حەز دەكەین ببی بە وێنەكێش، هەر بۆیە بۆ ماوەی ساڵێك چووم بەشداری خولم كرد، ئەوكات لە مەخمور مامۆستا (جەنگیز) بناغەكانی وێنەكێشانی فێركردم، دواتریش خۆم هەوڵمدا ئەو هونەرەم ناسی و خۆم تێدا دۆزیەوە، ئەوە بوو بڕیارمدا بچم بۆ زانكۆ شێوەكاری بخوێنم، وا بوو لە ساڵی (2012) بوومە قوتابی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێر، لە ساڵی (2016) زانكۆم تەواو كرد، هەر ئەو كاتەی قوتابی زانكۆی بووم، بەشداری چەندین پێشانگای هاوبەشم كرد.
گوتیشی: وەكو كچە شێوەكارێكی كورد، پەیامی من بۆ هونەرمەندان ئەوەیە، كە ڕاستی ژیانی خۆیان بكەنە وێنە و پێشكەشی گەلی خۆیان بكەن، هەر شتێك كە لە ڕۆح و ویژدانی وان هەیە بیكەنە سەر تابلۆكانیان.
سەبارەت (بە جیاوازی كاری شێوەكارانی باكوور و باشووری كوردستان) گوتی: هەڵبەت هەر هونەرمەندێك چ لە باكوور چ لە باشوور ستایلێكی تایبەت بە خۆی هەیە، من كە ستائیلێك بەكار دەهێنم، هونەرمەنێك هەیە هەمان ستائیل تایبەت تر بەكار دەهێنێت، بە گشتی لە باشوور گرنگیدان بە هونەر كەمترە لە باكوور، هونەرمەندانی باكوور زیاتر گرینگی بە كارەكانیان دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا و گوتی: لە باكووری كوردستان زۆر سەرسامم بە كارەكانی (بەهرام حاجۆ) زۆر حەز لە كارەكانی ئەو دەكەم، زۆر حەز دەكەم ڕۆژێك بێت لەگەڵ ئەو وێنە بكێشم، هەروەها لە باشووریش ئەو هونەرمەندانەی گەلێك زۆر حەز لە كارەكانیان دەكەم دوو هونەرمەندن، ئەوانیش (نامۆ ڕۆستەم زادە و عەبدوڵا ڕەسوڵ)، ئەو شتانەی من حەزی لێدەكەم لە ناو كارەكانی ئەوان هەیە، هەر بۆیە زۆر كاریگەری ئەوانم لەسەرە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەرستامم بەكارەكانی (هادی زیائەدینی).
لە كۆتایدا گوتی: ناوەڕۆكی تابلۆكانم زیاتر ژیانی كوردەواری تێدایە، یەك لە تابلۆكانم هی دایكی شەهیدانە، ڕەنگە ڕەشەكەی خەمە لەناو دڵی ئەو دایە، سوورەكە خوێن ڕژاندنە لەدەورووبەری كە هی منداڵی ئەون، سەوزەكە سروشتی جوانی كوردستان پیشان دەدات، تەزبیحەكەی دەستیشی ژماردنی شەهیدانی ئەنفالە، ڕەنگە پڕتەقالیەكەش گوزارشت لە ڕۆژی (25)ـی نۆڤەمبەری، بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی بەرامبەر ئافرەتانە، ئەو پارچەی كە نەسپیە نە زەردە، ئەویش ئومێدەكە لەناو دڵی ئەودا.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: شێوەكار (سۆزدار حاجی) لە ساڵی (1993) لە گوندی (شەرناخ)ـی باكووری كوردستان لە دایكبووە، تا ئێستا زیاتر لە (25) پێشانگای هاوبەش بەشداری كردووە، لە هەر چوار پارچەی كوردستان و ئەوروپا، لە ساڵی (1994) بەهۆی ئەوەی گوندەكەیان سوتێندراوە، بنەماڵەكەی ئاوارە بوونە لەو كاتەوە هاتینە باشووری كوردستان.