(برهان سابر): بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان: بە گشتی هونەر…پەیامی پێكەوە ژیان و ئاشتی پێیە
“لە ڕێگەی ئەو چاڵاكییانە دەمانەوێ خەڵكی ئاسایی لە هونەر نزیك بكەینەوە”
سەعات (11)ـی پێش نیوەرۆی ڕۆژی چوار شەممە، بەرواری (29/11/2017)، سەنتەری ڕۆشنبیری زانكۆی جیهان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان، (كەرنەڤاڵی ڕەنگ)ـی، لە گۆرەپانی سەنتەری ڕۆشنبیری ساز كرد.
كەرنەڤاڵەكە بە ئامادەبوونی بەڕێزان (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و (عزەت جەعفەر) بەرپرسی ڕێكخراوە پیشەییەكان و ( ساكار غازی) بەرپرسی ڕێكخراوە جەماوەریەكانی لقی دووی پارتی و نوێنەری یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و كۆمەڵێك لە مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆی جیهان بەڕێوەچوو.
دەستپێكی پرۆگرامەكانی كەرنەڤاڵە كە بە كردنەوەی دوو پێشانگای شێوەكاری و فۆتۆگرافی بوو، كە پێكهاتبوون لە پێشانگای شێوەكاری خانمە شێوەكار(بەهار شێروانی)، كە لە (گەلەری هونەری جیهان) كرایەوە، دواتر پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ خانمە فۆتۆگرافەر (خۆزگە حەسەن) لە بەردەم گەلەریەكە كراوە.
دواتر بەناوی سەرۆكی ئەمینداری زانكۆی جیهان و سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان، لە لایەن (د. محەمەد خدر مەولود) سەرۆكی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان، وتەی بەخێرهاتن و وتارێك پێشكەش بە ئامادەبووان كرا، تێدا ئاماژەی بە گرینگی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان كرد و هاوكات باسی لەوە كرد كە ئەمرۆژە لە هەموو جیهان بە چاڵاكی جۆراو جۆر بەرز ڕادەگیرێ و یادی دەكرێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، زانكۆی جیهان بە ئەركی خۆی دەزانێ كە لە هەموو پرسە كۆمەڵایەتی و نەتەوەیەكان، چاڵاكی جۆراو جۆر ئەنجام بدات و خزمەت بە توێژی قوتابیان و كۆمەڵگەكەی بكات.
دواتر لە لایەن بەشی میوزیكی سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان، بە دەست و پەنجەی گیتار ژەن (هونەر سەڵاح) و ئۆرگ ژەن (ئاری محەمەد) و بە دەنگی خانمە گۆرانبێژ (ساوین حەمید) چەند گۆرانییەك پێشكەش كرا و كەرنەڤاڵەكەیان جوانتر كرد.
هاوكات بەشداربووانی (كەرنەڤاڵی ڕەنگ) بە هونەری (سمپۆزم ڕەنگ- دروست كردنی تابلۆی ڕاستەوخۆ) كەرنەڤاڵەكەیان ڕازاوەتر كرد، لە كۆتایدا بە نمایش كردنی چەند (كورتە فیلم)ـێك سەبارەت بە مافەكانی ئافرەت، كەرنەڤاڵەكە كۆتایی پێهات، كە بەرهەمەكانی سەرجەم چاڵاكییەكان بوونە مایەی ڕەزامەندی ئامادەبووان.
لەمبارەیەوە (برهان سابر) بەرپرسی (سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان)، ڕایگەیاند: ئێمە ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەو چاڵاكییە ئەوە بوو، بە هونەر دیاردەی توندو تیژی دابمركێنینەوە، چونكە هونەری (مۆسیقا و شێوەكاری) هەمیشە پێچەوانەی توندو تیژی یە كە لە كۆمەڵگادا لە لایەن تاكەكانەوە ڕوو بەڕووی یەكتر دەبێتەوە،
پتر گوتیشی: بە گشتی هونەر…پەیامی پێكەوە ژیان و ئاشتی پێیە…بۆیە دەبێت لە سایەی هونەر بە ئازادی و دوور لە توندو تیژی بژین.
هاوكات ئاماژەی بەوەشدا: مەبەستێكی ترمان لە ئەنجامدانی (كەرنەڤاڵی ڕەنگ) ئەوەیە، ئیشكردنی بە كۆمەڵ بكەینە كەلتوور و گیانی هەرەوزی خۆشەویستی لە نێوان تاكەكان دروست بكەین، چونكە لە وڵاتی ئێمە هونەر پشت گوێ كراوە، هەر بۆیە ئێمە لە ڕێگەی ئەو چاڵاكییانە دەمانەوێ خەڵكی ئاسایی لە هونەر نزیك بكەینەوە.
لە كۆتایدا گوتیشی: ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار هاوكار بێت، بە نیازین لە داهاتوو ئەو جۆرە چاڵاكییانە، ببەینە دەرەوەی زانكۆ، بۆ ئەو شوێنە گشتیانەی كە پشت گوێ كراوە، بە تایبەت بە كێشانی تابلۆی شێوەكاری لە هەندێك شوێن و دیواری ئەو شارە، بۆ ئەوەی سیمای ئەو شارە پڕ بكەین لە جوانی هونەر.
پێشانگای شێوەكاری
یەكێك لە برگەكانی كەرنەڤاڵەكە، كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری خانمە شێوەكار(بەهار شێروانی) بوو، لە (گەلەری هونەری جیهان)، كە خۆی لە (16) تابلۆ گۆتبوو، بە قەبارەی جۆراو جۆر، سەرجەمیان گوزارشتی لە ناخی ئافرەتی ئەمرۆی كوردستان دەكرد، كە ئەو هەموو نەهامەتیەیان بەسەر هاتووە، هەروەها گوزارشتی لە شەڕەكانی ئەو دوایانە دەكرد كە بەسەر كورد داهات و تێدا ئافرەتی كورد بە پلە یەك بووە قوربانی ئەو كارەساتانە.
پێشانگای فۆتۆگرافی
هاوكات لە كەرنەڤاڵەكە پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ خانمە فۆتۆگرافەر (خۆزگە حەسەن) لە بەردەم (گەلەری هونەری جیهان) كرایەوە، كە خۆی لە (20) وێنەی فۆتۆگرافی گرتبوو، بەشێكیان وێنای ئافرەتی كوردی پێشاندەدا، لە ئەركی پێشمەرگایەتیدا، كە چۆن قارەمانانە بەرگری لە شەرەفی خۆیان و وڵاتەكەیان دەكەن، هەروەها بەشەكەی تریش پۆترێتی منداڵان بوو، كە تێدا توانای هونەری خۆی بەدەر خستبوو لە پیشاندانی كەسایەتیەكان.
میوزیك و گۆرانی
یەكێكیش لە برگەكانیش پێشكەش كردنی میوزیك و گۆرانی بوو بەشێوەی زیندوو، لە لایەن بەشی میوزیكی سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان، كە بە دەست و پەنجەی گیتار ژەن (هونەر سەڵاح) و ئۆرگ ژەن (ئاری محەمەد) چەند پارچە میوزیكێك پێشكەش كران، هاوكات خانمە گۆرانبێژ (ساوین حەمید) چەند گۆرانیەكی پێشكەش كرد و حەماسێكی زۆریان بە كەرنەڤاڵەكەدا.
سمپۆزم ڕەنگ
برگەی سەرەكی (كەرنەڤاڵی ڕەنگ) پێشكەش كردنی هونەری (سمپۆزم ڕەنگ- دروست كردنی تابلۆی ڕاستەوخۆ) بوو، كە فێرخوازانی بەشی شێوەكاری سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان و هونەر دۆستانی ئامادەبوو، بە یەكەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەیالی خۆیان بە ڕەنگ پێشكەش بە ئامادەبوان كرد و توانیان چەندین تابلۆی ناوازە بنەخشێنن، كە ئەمەش بڕیارە لەم هەفتەیە لە (گەلەری هونەری جیهان)، پێشانگایەكی هاوبەشی پێبكەنەوە.
نمایشی كورتە فیلم
برگەی كۆتایی كەرنەڤاڵەكە بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان، نمایش كردنی دوو (كورتە فیلم)ـی، دەرهێنەرانی كورد بوو، سەبارەت بە مافەكانی ئافرەت، كە باسیان لەو كێشە و كارەساتانە دەكرد، لە كۆمەڵگا دا ڕوو بەرووی ئافرەتی كورد دەبێتەوە و لە ئەنجامدا كە هەر ڕەگەزی مێ باجەكەی دەدات.