(ژاڵە سەیفەدین): ئەوانەی دەیانەوێ لەو بوارەدا ئیش بكەن مەرج نیە ئەكادیمی بن !.
“من زۆر بایەخ بە ڕەنگ دەدەم لە تابلۆكانم”
سەعات (10)ـی سەر لە بەیانی ڕۆژی یەك شەممە، بەرواری (12/11/2017)، لە (گەلەریی هونەریی جیهان)، دووەمین پێشانگای تایبەتی شێوەكار (ژاڵە سەیفەدین)، بە ناونیشانی (ڕەنگەكان شۆڕش دەكەن) كرایەوە، كە پێشانگاكە بۆ ماوەی (7) ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێدا (18) تابلۆی كۆن و نوێی، بە ئەندازەی جیاواز نمایش كردووە.
لەمبارەیەوە شێوەكار (ژاڵە سەیفەدین) گوتی: ئەمە دووەم پێشانگای تایبەتی خۆمە، بە گشتی دوو ستائیلی لە خۆ گرتووە، كە پێك هاتوون لە (18) تابلۆی كۆن و نوێ، بە ئەندازەی جیاواز، (8) لە تابلۆكان نوێن، (10) تابلۆكەی تر لە پێشانگای یەكەمیشم هەبوون، كە نوێیەكان لەسەر ئەركی سەنتەری ڕۆشنبیری زانكۆی جیهان دروستم كردوون، لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم، لەم پێشانگایە بەشێكی زۆر لە تابلۆكان بە ستائیلی (مۆدێرن) كارم لەسەر كردووە، كە ئەویش پێك هاتووە لە چەند پارچەیەكی تەواو كەری یەكتر، كە یەكێك لەو ستایلانەیە زۆر كاری تێدا دەكەم، وە هەروەها لەگەڵ چەند تابلۆیەكی ستائیلی (ڕیاڵیستیك)ـی تێدایە.
سەبارەت بەناوەڕۆكی تابلۆكانی گوتی: كارەكانی ئەو پێشانگایەم لە ڕووی ماناوە زیاتر خۆی لە پیشاندانی گوڵ گرتووە، ئەویش لەبەر دوو هۆكار گوڵم هە ڵبژاردووە، یەكەمیان: من زۆر بایەخ بە ڕەنگ دەدەم لە تابلۆكانم، جوانترین ڕەنگەكانیش لای من لە گوڵەوە سەرچاوە دەگرێ، دووەمیان: بۆ مەجاڵی دیكۆرێشن و بەكارهێنانی لە تابلۆیی مۆدێرن، گوڵ جوانیەكی تایبەت دەدات، هەروەها ئەو تابلۆیانەی ستائیلی ڕیاڵیستن، زیاتر وێنەی گیانەوەرێك یا میوەیەك یا سروشتی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشدا و گوتی: لە دەستپێی كاری شێوەكاریم، سەرەتا بە ئیشی قەلەم دەستم پێكرد، تاوەكو لە ساڵی 2015، دەستم كرد بە دروست كردنی تابلۆی زەیتی، سەرەتا لە چوار ستایل ئیشم كرد، وەكو (ستێل لایف و ڕیاڵیستی و ئەبستراك و مۆدێرن)، كە پێشانگای یەكەمم، هەر ئەمساڵ لەمانگی (9) كرایەوە، لە گەلەری شێوەكاری میدیا، كە نزیكەی (34) تابلۆی لە خۆگرتبوو، پێشانگاكەم هەر چوار ستائیلی كە پێشتر ئاماژەم پێكرد تێیدا بوو، بە حكومی ئەوەی یەكەم پێشانگام بوو، كارەكانی سێ ساڵی ڕابردووم تێدا نمایشم كرد، كە پێشتریش لە نزیكەی سێ چوار پێشانگای هاوبەش بەشداریم كردووە، بەڵام ئەوكات كارەكانم ئیشی قەلەم و فەحم بوون.
پتر گوتیشی: دەمەوێ لەمەدوا پێشانگای تایبەت بكەمەوە بە كارەكانم، بۆ ئەوەی زیاتر تەركیز بكەمە سەر ئەو ستائیلانەی ئیشی تیا دەكەم، من بەو هۆیەی ئەكادیمی نیمە لەو بوارە، ئەوا هەتا ئێستا كەسێكم نەدۆزیتەوە بۆ نموونە لە ستائیلی مۆدێرن كار بكات، بۆ ئەوەی كاركانمان پێكەوە پێشكەش بكەین، چونكە پێشانگای هاوبەشیش زەرورە بۆ بینین و ئاڵوگۆڕ كردنی تواناكانی یەكتر.
سەبارەت بەوەی (كێ مامۆستات بووە لەو بوارە؟) شێوەكار (ژاڵە سەیفەدین) ڕوونی كردەوە و گوتی: لە بواری شێوەكاری هەر خۆم مامۆستای خۆم بوومە، بەڵام بەم دوایانە مامۆستا (سارا تەڵایی) زۆر یارمەتی دامە، كە ئێستا لای ئەو خولی گرافیك دەبینم، دەتوانم بڵێم ئەو مامۆستایە دەبێتە سەرەتای دەستپێكردنی فێركردنی ئەكادیمیم لە بواری شێوەكاری.
لە پرسیاری (وەك شێوەكارێكی تازە پێگەیشتوو هونەری شێوەكاری چۆن دەبینی؟) گوتی: هونەری شێوەكاری لەوەتەی من بە شێوەكاری ئاشنا بووم، بە بینینی من بەرەو لوتكە دەروات، هیچ ڕێگریەك نیە بۆ پێگەیاندنی خۆت جگە لە لایەنی ماددی، چونكە دروست كردنی تابلۆی زەیتی لە هەموو دونیا وایە تێچووی ماددی زۆرە، ئەوەی بیەوێ بەپێ توانای خۆی پەرە بەكارەكانی خۆی دەدات.
گوتیشی: هەر چەندە هێشتا ماومانە بگەینە ئاستی وڵاتانی دیكە، وەكو زانیاریم هەبێت لە زۆر وڵات خاوەن هۆتێل و ڕیستۆرانتە گەورەكان لەسەریان سەپێندراوە، سەردانی پێشانگایەكان بكەن تابلۆی شێوەكاران بكڕن، چونكە هەڵواسینی تابلۆی كۆپی لەو شوێنانە قەدەغەیە، لە كوردستانیش هیوادارم لە ساڵانی دواهاتوو شێوەكاری زیاتر برواتە ناو ماڵەكان، بۆ كردنە كەلتووری هەڵواسینی تابلۆی شێوەكاری لە ماڵەكان، زەرورە شێوەكار بتوانێ بە دیاریش بێ یەك دوو تابلۆی خۆی ببەخشێ، بۆ ئەوەی بچێتە ناو ماڵەكان و تابلۆی ئۆرجیناڵ بناسرێت.
سەبارەت بەوەی (ئەكادیمی نەبوون تا چەند ڕێگرە لە پێشكەوتن لەو بوارە؟) گوتی: هەر پێشانگایەك كە چووبم ئەگەر خەتی فلچەیەكیش بێت لێی فێربووم، بە خۆشحاڵیەوە هەتا لەو بوارەش ئیش بكەم، چەند بگەمە ئاستی بەرزتر، هەر خۆم بە قوتابی ئەوانەی لە خۆم بە ئەزموونترن دەزانم، هەتا شێوەكارە جیهانیەكان زۆر جار سەیری كارەكانیان دەكەم، بە خۆشحاڵیەوە زۆر شتیان لێ فێربوومە.
گوتیشی: وەك تێگەیشتنی خۆم ئەوانەی دەیانەوێ لەو بوارەدا ئیش بكەن مەرج نیە ئەكادیمی بن !، ئەوانە دەبێ ئەكادیمی بن، كە ئیش بۆ فێر بوونی كەسانی تر دەكەن، بۆ نموونە من شێوەكارم، مەرج نیە ئەكادیمی بم، بەڵام زەروورە كەسێكی ئەكادیمی من فێر بكات بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەوم.
لە كۆتایدا ئاماژەی بەوەشداو گوتی: بۆ نموونە لە كارەكەی خۆم بەو هۆیەی من دبلۆمم هەیە لە بەشی شارستانی لقی ڕێگاوبان، كە لە ساڵی (2007)ـوە، لەوێ مامۆستام، بەڕای من پسپۆری بیناسازی پەیوەندیەكی زۆر باشی هەیە لەگەڵ هونەری شێوەكاری، هەم لەگەڵ دیكۆرێشنی ناوەوە، هەمیش لە ڕووی دیكۆرێشنی دەرەوە، لەبەر ئەوەی یەك لە لایەنەكانی كاری بیناسازی لەسەر بنەمای وێنەكێشان دانراوە، هەم لە شێوەكاری سوودم بینیە بۆ پسپۆری خۆم، هەمیش لە پسپۆری خۆم سوودم وەرگرتووە لە كاری شێوەكاری.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێن: شێوەكار (ژاڵە سەیفەدین) لە دایكبووی ساڵی (1984)ـە، دەرچووی پەیمانگای تەكنەلۆجی بەشی (دروست كردنی ڕێگاوبان)ـە، ماوەی (10) ساڵە مامۆستای بابەتی (پراكتیكی)یە، لە هەمان پەیمانگا.