هه‌ینی , كانونی یه‌كه‌م 13 2024
enku

لەژێر ناونیشانی (هونەر و ئافرەت) چوارەمین پێشانگای تایبەتی خانمە شێوەكار (بەهار شێروانی) كرایەوە

(بەهار شێروانی): لە كارەكانی ئەم پێشانگایەم دەتوانم بڵێم زۆربەی شێواز و ستایلەكانم بەكار هێناوە

“وەكو ئافرەتێكی شێوەكار ستائیلی تایبەت بە خودی خۆم هەیە”


سەعات (11) پێش نیوەرۆی ڕۆژی چوار شەممە، بەرواری (29 11/2017)، لە (گەلەریی هونەری جیهان)، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان، لە پەراوێزی (كەرنەڤاڵی ڕەنگ)، چوارەمین پێشانگای تایبەتی خانمە شێوەكار (بەهار شێروانی) بە ناونیشانی (هونەر و ئافرەت) كرایەوە، پێشانگاكە بە ئامادەبوونی هەریەك لە بەڕێزان (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و (عزەت جەعفەر) بەرپرسی ڕێكخراوە پیشەییەكان و ( ساكار غازی) بەرپرسی ڕێكخراوە جەماوەریەكانی لقی دووی پارتی و نوێنەری یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و كۆمەڵێك لە مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆ كرایەوە، كە بۆ ماوەی (2) ڕۆژ بەردەوام بوو، تێیدا (16) تابلۆ بە ئەندازەی جیاواز هاتە پیشاندان.


لەمبارەیەوە خانمە شێوەكار (بەهار شێروانی) سەبارەت (بەناونیشان و ناوەڕۆكی پێشانگاكەی) ڕایگەیاند: (هونەر و ئافرەت) ناونیشانی چوارەمین پێشانگای تایبەتی منە، كە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان، لە پەراوێزی (كەرنەڤاڵی ڕەنگ) كردمانەوە، كەوا لە (16) تابلۆی ئەندازەی جیاواز پێكهاتبوو، سەرجەمیان گوزارشتی لە ناخی ئافرەتی ئەمرۆی كوردستان دەكرد، كە ئەو هەموو نەهامەتیەیان بەسەر هاتووە، چ لە شەنگال و چ لە شوێنەكانیتر، لە ئەنجامی ڕووداوەكانی ئەو دواییەی شاری كەركوكی دڵی كوردستان، بەڕاستی ئەو كارەساتانە زۆر ناخۆش بوون بۆ نەتەوەی كورد،

گوتیشی: لێرە دا ئەوەی دەبێتە قوربانیش هەر ئافرەت و منداڵە، بەڵام بە پلەی یەكەم ئافرەتە، هەروەها بەشێك لە تابلۆكانی ئەم پێشانگایە گوزارشتی لە شەڕەكانی ئەو دوایانە دەكرد، كە بەسەر كورد داهات و تێدا ئافرەتی كورد بە پلەیەك بووە قوربانی ئەو كارەساتە.


لە بارەی ئەوەی (خولیای كاری شێوەكاری بۆ چ ساڵێك دەگەرێتەوە؟) گوتی: خولیای كاری شێوەكاریم دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (2000) ئەوكاتە قوتابی ناوەندی بووم، بەردەوام بەشداری چاڵاكییەكان دەبووم و وێنەم دروست دەكرد، بەڵام بە تەواوی لە ساڵی (2003) لە قۆناغی یەكەمی پەیمانگادا دەستم پێ كردووە.
ئاماژەی بەوەشدا و گوتی: تا ئێستا نزیك لە (24) پێشانگای هاوبەش بەشداریم كردووە، لە زۆربەیان خەڵاتی ڕێزلێنانم وەرگرتووە، هەروەها لە پێشانگایەكی هاوبەش، كە لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكەی شاری سلێمانی كرایەوە، بە پلەی یەكەم دەست نیشانكرام، لە ساڵی (2005) لەسەر ئاستی كوردستان.
سەبارەت بەوەی (چۆن بوو تابلۆكان ڕەنگدانەوەی زوڵم ستەمەكانی دەنواند كە بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێ؟) گوتی: بێگومان دروست كردنی تابلۆ لە ناخی ئافرەتێك گەیاندنی ئەو پەیامەیە كەوا دەسەڵات و زۆربەی خەڵك لێی بێئاگان، بە ڕاستی بەڕای من وەكو پەیوەندیەكە لە نێوان خەڵك و دەسەڵات، بە هیوام هەموو ئافرەتێك بگاتە ئەو مەبەستەی كەوا دەیەوێ، یاخود هەوڵی بۆ دەدات، هیچ كات بە قسەی ناشیرین نەشكێن و شكست نەهێنین، بە هیوام ئەو قسانەم ببێتە هۆكاری سەركەوتنیان.


گوتیشی: لە كارەكانی ئەم پێشانگایەم دەتوانم بڵێم زۆربەی شێواز و ستایلەكانم بەكار هێناوە، بۆ ئەوەی پەیامەكانم بە جوانی بگات و كەسی ئاسایش لێم تێبگات و ئاشنای ناوەڕۆكی كارەكانم بێت.
ڕوونیشی كردەوە و گوتی: من وەكو ئافرەتێكی شێوەكار ستائیلی تایبەت بە خودی خۆم هەیە و كەوا كارەكانم جیاوازە لەگەڵ كاری هونەرمەندانی تر، لە ڕووی شێوازی بەكارهێنانی ستائیلەكان و ڕەنگەكان.
لە بارەی دوا پڕۆژەی شێوەكاریشی گوتی: دوا پڕۆژەم كردنەوەی پێنجەمین پێشانگای تایبەتمە بەناوی (هونەر و جەنگ)، كە بڕیارە بەرواری 17/12/2017، بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان، لە سالۆنی پەرلەمانی كوردستان بكرێتەوە، كە ناوەڕۆكەكەی تایبەتە بە برا پێشمەرگەكان، كەوا بە دەست و پەنجەكانی خۆیان دروستیان كردووە، ئەمەیان پڕۆژەی ساڵی (2014)ـی منە، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا بە داخەوە زۆربەی برا پێشمەرگەكان شەهید بوونە یاخود بریندارن.
لە كۆتایدا گوتی: زۆر سوپاسی مامۆستایانی خۆشەویستم دەكەم، كەوا زۆر لەگەڵم ماندوو بوون، وە زۆر سوپاسی هاوڕێیانی خۆشەویستم دەكەم، بە تایبەتی كاك (هەورەمان كاكە)، وە زۆر سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم كەوا هەمیشە پاڵپشتی من بوونە، لە ناخی دڵەوەش زۆر سوپاسی هاوسەر و هاوژیانم دەكەم، كە هەمیشە ڕێگای ڕۆناكی ژیانمە.


ئەوەی ماوەتەوە بڵێن: شێوەكار (بەهار شێروانی)، ناوی تەواوی (بەهار ئەنوەر حەیدەر)ـە، لە ساڵی (1982) لە شاری هەولێر، لە خێزانێكی هونەر دۆست لە دایك بووە، لە ساڵی (2007) بەشی شێوەكاری- پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێری تەواو كردووە، دوای چوار ساڵ پیشەی مامۆستایی، گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن، لە ساڵی (2016) بەشی شێوەكاری- كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەڵاحەدینی تەواو كردووە، ئێستاش مامۆستای بەشی شێوەكاری- پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێرە.

Check Also

TOT ڕاهێنەری ‌نموونەیی لە شاری قەلادزێ

سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان_هەولێر،  بەڕێوەچوونی خولی ( ڕاهێنەری تیوتی ‌) نموونەیی  لە شاری قەلادزێ، بەسەرپەرشتی …

وەڵامێک بنووسە