(سارا تەڵایی): تەنیا شتێك كە سەرەنجی كۆمەڵگا ڕادەكێشێ ئافرەتە
“پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی شەڕ سمبولی پارێزگاری خاك و نیشتمانن”
لە (گەلەریی هونەری جیهان)، پێشانگای تایبەتی هونەرمەندی شێوەكار (سارا تەڵایی) بە ناونیشانی (باڵندەكان تەنیا نامێنن) كرایەوە، كە پێشانگاكە بۆ ماوەی (6) ڕۆژ بەردەوام بوو، تێیدا (15) تابلۆ بە ئەندازەی (80 سم × 100 سم) هاتە پیشاندان.
سەرەتای كردنەوەی پێشانگاكە، شێوەكار (سارا تەڵایی) بەدەف ژەنینەوە پێشوازی لە میوانانی پێشانگاكە كرد و پەیامێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی: كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری و پەرەپێدانی چالاكیەكان لەم دۆخەی ئێستادا زیاتر لە هەموو ساتەكانی دیكە گرینگترە، بۆیە داوا لە هەموو هونەرمەندان و قەڵەم بەدەستان و ڕۆشنبیران دەكەم، لە بارودۆخێكی ئاوادا، زیاتر هیمەتی خۆیان بنوێنن..بۆ بەرز ڕاگرتنی باری دەروونی كۆمەڵانی خەڵكی مەدەنی كوردستان،پێویستە هەنگاوەكانمان زیاتر گەشە بستێنێ، بێ گومان ئێمە نابێ بەس دۆستی خۆشی ناو كۆمەڵگای مەدەنی بین، دەبێ لەكاتی تەنگانەدا هەنگاوەكانمان لە مەودای بەرزكردنەوەی زانست و ئەندێشەو هەڵوێست بەتینتربێ، هاوكاری حكومەت و لایەنەكانیتر بدەیین.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ڕایگەیاند: كردنەوەی ئەو پێشانگایە هەنگاوێكە بۆ نیشاندانی پیرۆزیەكانی ئافرەت لە ناو كۆمەڵگاو بیر هێنانەوەیەك بۆ ڕێزگرتنی ئافرەتان..لە خۆیان و پشتیوانی كردنیان..لە پیاوەكانیان..وەك كێوێكی ورە و شكۆ و باری پەروەردەیی نەتەوایەتی، لەم هەڵومەرجەی كە لەئێستادا زیاتر لەهەموو كات پێوستی بەخۆ نیشاندان هەیە، هاوشان و هاوخەباتی پیاوان بن.
ئاماژەی بەوەشدا: هونەرمەندان و پسپۆڕان و مامۆستایانی زانكۆ و خوێندكاران دەبێ زیاتر لە هەموو ساتەكانیتر هەڵوێستیان هەبێ، هەنگاوەكانیان وەگڕو تینتر بخەن بۆ ئارامی و سەقامگیری ناوخۆی كوردستان، هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ چاڵاكی و كۆڕو كۆبوونەوەی بەرفراوانتر، كە بتوانین سوكنایەك ببەخشین بە خەڵكی كوردستان، تایبەت بنەماڵەی شەهیدان و كەس و كاری شەهیدان، لەم ئاڵۆزیەی كە لە ئێستادا كەوتووینە ناوی هاودەرد و هاوخەم و خۆڕاگرتر بین، بۆ یەكدەنگی و یەكریزی ناو ماڵی كورد، بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێ یەكریزی ماڵی كورد بكاتە ئامانج و شیرازەی كۆمەڵگا تێكبدا.
ڕاشی گەیاند: منیش وەك هونەرمەندێكی خزمەتگوزار و چاڵاكەوانی مەدەنی، ئەوەی كە لە توانامدایە بە هاوكاری هونەمەندانی دەوربەرم هەوڵی پێشكەش كردنی بەرهەمی زیاتر دەدەین، وەك پێناسەیەك و خەباتێكی هونەری،پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی شەڕ سمبولی پارێزگاری خاك و نیشتمانن، بۆیە دەبێ هەموومان بە خۆڕاگری و یەكدەنگی و یەكڕیزی یەكتر، لە هەموو لایەنەكانەوە ورەو شكۆی شۆڕشگێڕانی ئەو كوردستانە بەرز بنرخێنین، ئەوەی لە تواناماندایە بە هەموو هێزێكەوە وەگڕی خەیین و زیاتر لە هەموو كات یاریدەر و هاوسۆز و هاوخەم و هاوسەنگەری برا پێشمەرگەكانمان بین، چونكە ئەوان بۆ پارێزگاری ئێمە..گیان فیدان لە بەرەكانی شەڕەوە..دەنگی خۆڕاگریان بە جیهان گەیاندو ئێمەش تەبایی و هاوسەنگی ماڵی كورد بپارێزین و ڕەق و كینە وەلا بنێین، نرخی ئەو خاكەی كە لە سەری دەژین بیزانین و خوێنی شەهیدان بە هەدەر نەدەین.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا گوتی: سوپاس و ڕێزی تایبەتی خۆم ئاراستەی سەرۆكی ئەمینداری زانكۆكانی جیهان (د.نەوزاد یەحیا باجگر) و سەرۆكایەتی زانكۆی جیهانی هەولێر (د.فواد مەولود شەریف) و بەڕێوبەری سەنتەری ڕۆشنبیری زانكۆی جیهان دەكەم، بۆ ئەرك و ماندوو بوونیان، لە مەودای پەرەپێدانی زانست و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری.
جێگە باسە: هونەرمەند (سارا تەڵایی) ناسراوە بە (تروسكە سانی) لە دایكبووی شاری (مەهاباد)ـی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، جگە لەپیشەی شێوەكاری، شاعیر و ژەنیاری ئامێری (دەف)ـە، هەروەها بڕوانامەی بە كالۆریۆسی هەیە وەك ئەندازیاری دار و كاغەز، جگە لەمە خاوەنی بڕوانامەی هونەری پلە چوارە، لە وەزارەتی ڕۆشنبیری تاران، ماوەی (15) ساڵە خەریكی هونەری شێوەكارییە.
سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگاكە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خانمە شێوەكار (سارا تەڵایی) كرد.
* ناونیشانی (باڵندەكان تەنیا نامێنن).. چ پەیوەندییەكی بە تابلۆكانەوە هەیە؟
– یەكێك لە هۆكارەكان كە ناوی پێشانگاكەم كردە (باڵندەكان تەنیا نامێنن)، ئەوەیە كە ئەو ئالۆزیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ساز بوو، بەداخێكی گرانەوە، ئەو ڕووداوە چاوەروان نەكراوانەی هاتەپێش، هەڵێنجراوی تابلۆكانی ناو پێشانگاكەمە، خۆی لە وانەیە لە جل و بەرگێكی كەدا گوزارشت لە دۆخی ئێستا بكات، بەڵام لە ڕاستیدا تێگەیشتنی دەوێ، باڵندەكان تەنیا نامێنن، گوزارشت لەوەیە كە (كەركووك) بەتەنیا ماوەتەوە شارێكە..كە بە دڵی كوردستان ناوی ڕۆیشتووە، بەڵام مەبەستمە دەیگرینەوە تەنیا نامێنێ، ئێمە لەگەڵ كەركووكین، جیاواز لەوەش باڵنەدەكان بە تەنیا هەڵنافرن، بۆ ئەوەی كە ڕاو نەكرێن، كارەكان گوزارشت لەوە دەكا كە نابێ خەڵكی كوردستان پەرتەوازە بن، پێویستە یەكڕێزی ماڵی كورد بپارێزین، بۆ ئەوەی كە نەتوانن ڕاوومان بكەن، بۆنموونە: باڵندەیەك ئەگەر بە تەنیا بفڕێ ڕاو دەكرێ، ئەگەر سەیریش بكەی لە سروشتی باڵندەكاندا هەموو پێكەوە هەڵدەفڕن و كۆچ دەكەن.
* بەشێوەیەكی گشتی تابلۆكانی ئەم پێشانگایە گوزارش لە چی دەكەن؟
– لە چوار تابلۆیاندا وێنای چوار وەرزی ساڵم خستۆتەڕوو، هەریەكە بە شێواز و ئەناتۆمیەك و بە ڕەنگەكان، ئەو چوار وەرزەم جیاكردۆتەوە، یەكێك لەوانە: (پایز) هەلوەرینە،(زستان) ڕووتبوونەوەیە،(بەهار) مژدە هێنەرە، (هاوین)ـیش وەرزی خەرمان و جۆزەردانە، ئەوانە هەموو ڕەنگ دانەوەی هەیە لە تابۆكان، لە هەندێكیان پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیانی تێدایە، جگە لەوە ئافرەتم كردیتە سمبولێك لە زۆربەی تابلۆكاندا، چونكە تەنیا شتێك كە سەرەنجی كۆمەڵگا ڕادەكێشێ ئافرەتە، چونكە ئافرەت پڕە لە جوانی، هەروەها لە ناو چەند تابلۆیەكدا (ئاڵای كوردستان) هەیە، بۆنموونە چاوم كردۆتە نیشتیمان و ناو ڕەشكەنەی چاودا ئاڵای كوردستانم كێشاوە، ئەوە باس لە نیشتیمان دەكات، لەدەور و بەریشیدا هەندێك ڕەشایی تێدایە، گوزارشت لە دوژمنانی ئێمە دەكا..كە گەمارۆیان داوین، بەڵام ویستیمە پیشانی بدەم..كورد پڕە لە ڕەنگ پڕە لە جوانی.
* لەسەر چ ستایلێك بۆ ئەم پێشانگایە كارت كردووە؟
– لەم پێشانگایەمدا زۆربەی كارەكان هونەری هاوچەرخە، هەندێكیشیانم تێك هەڵكێشم كردووە لەگەڵ (هونەری كەلتور و هونەری هاوچەرخ)، ئەو ستایلەی كارم لەسەر كردووە، (ئابستراكی سەحراوی) یە، كە خۆم داهێنەریمە لە تاران بەناوی من تۆمار كراوە، هێناومە تێك هەڵكێشم كردووە لەگەڵ (ڕیاڵستی و سۆریاڵستی)، ڕووێكی تری پێشانگاكە ئەوەیە، لە تابلۆكان ڕاستەوخۆ باسم لەو دۆخەی ئێستاو شەڕ نەكردووە، بەڵام مەبەستم بووە، سەرەنج لە شەڕ هەڵگەرێنینەوە، بچین بۆ لای جوانیەكی تر، بۆ ئەوەی ئارام بوونەوەیەكی تازە ببەخشم بە دڵی خەڵك، تێیدا پێناسەی ئەو دۆخەی ئێستا بكرێ بە شێوازێكی تر، من سیمایەكی جوانترم هەڵبژاردووە، چونكە پێویستە لەو كاتەدا سەرەنجی خەڵك ببەی بەڕەنگەكان.